زیاتر لە 835,000 مووچەخۆری کەرتی گشتی لە ڕێگەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) – وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیێنێت کە زیاتر لە 835 هەزار مووچەخۆری کەرتی گشتی مووچەی مانگی شەش بەشێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من وەردەگرن.
پڕۆژەی هەژماری من، لە ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. تا ئێستا، زیاتر لە 915,000 مووچەخۆر کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من کە 950,000 مووچەخۆری کەرتی گشتی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەکە.
لەچوارچێوەی پرۆژەکە، لەلایەن بانکە بەشداربووەکان زیاتر لە 640 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە ڕابکێشن. وا بڕیارە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی هاتنی پڕۆژەکە ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە 1,000 ئامێر تێبپەڕێنێت کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ڕێساکانی بانکی ناوەندی عێڕاق.
خشتەی 1: ژمارەی فەرمانبەران کە بەدیجیتاڵی مووچەی مانگی شەش وەردەگرن بەپێی پارێزگا
|
پارێزگا |
سوودمەند |
|
هەولێر |
380,450 |
|
سلێمانی |
255,100 |
|
دهۆک |
185,700 |
|
هەڵەبجە |
15,210 |
|
کۆی گشتی |
836,460 |